وتار
تێ گەیشتن لە ئەدەبیاتى گەلاوێژ
د.موحسین ئەحمەد*
بەشى دووەمى (بیرەوەریە هەرگیز لەبیر نەکراوەکانى من) ى خاتوو گەلاویژم خوێندەوە،چێژى هەستى دایکایەتى، خۆشەویستى نەوەى نەوە، خەمى بونیادى لانەیەک بۆ ژیان لە ووڵاتى غەریبى،خەم خۆرى بۆ ئەوەى پێ ى ئەوترێت کوردستان زۆر بە ڕوونى تێدا بەدى ئەکرا، جگە لەوەش چەند دیمەنێکى ژیانى کۆمەڵایەتى، سیاسى، بوارى خوێندن وە دڵسۆزى بۆ هاوزمانەکانیان، کە ئەمەوێت زۆر بە ڕاستگۆیانە هەستى خۆمى بۆ بنوسم:
هەڵوێستى دەسەڵات دارانى عێراق بەرامبە بە ئێمەى گەلى کورد وەکو لە لاپەڕە 315 باسى دەکات هەمیشە وەفد بەڕێوە بووە بۆ بەغداد وەکو دەڵیت جار لە دواى جار فرت وفێلى حکومەتیان زیاتر بۆ ئاشکرا ئەبوو!ئەم دێرانە زۆر گرنگە نەوەى ئەم سەردەمە ئاگادارى بێت چونکە کوت و مت ئەوەیە کە ئێستا لە نێوان حکومەتى هەرێم و عێراق ڕوو ئەدات!! بە تایبەتى سەردانى ئەو هەموو وەفدە بۆ حکومەتە یەک لە دواى یەکەکانى بەغداد لە دواى ساڵى 2003 وە، وە هەر جارە و ئاشکرا بوونى فێڵێکیان بەرامبەر بە کورد وەکو لێکدانەوى جیا بۆ دەقە دەستوریەکان! کێشە بۆ قوت و موچەى خەڵکى کوردستان!!بە بەستنەوەى ئەو یادەوەریانەى خاتوو گەڵاوێژ و ئەوەى ئەمڕۆ ئەیبینم ئاشکرایە ڕەنگە نەهامەتیەکانى گەلەکەمان لە کۆمەڵ کوژى بە کارهێنانى کیمیایى و زیندە بەچاڵ هێشتا ڕوویان نەدا بێت! بگرە لەمەودا خراپتر ئێمە لە عێراق لە مەترسیدان!!تەنها ئەوەندە نەبێت مەگەر سەردەمەکە ئەوە نەخوازێ وە هاوچەرخانە ئازارمان بدەن کە زۆر ڕوونە لە عێراقى ئێستا چى ڕوو ئەدات!
هەروەهالە لاپەڕە 325 و 326 باسى لێ بوردنێکى گشتى سەدام ئەکات کە دیمەنێکى تیدا ئەگێڕیتەوە خوێنەر ئەبێت سودى لێ وەربگرێ هەرگیز بە پێکەنینى دوژمن باوەڕ نەکات، چونکە کەسێک لە سایەى ئەو لێبوردنە گشتى یە ئەگەڕێتەوە بۆ عێراق لە سنور سەربازەکان سڵاوێکى سەربازى ئەکەن! کابراش (کە پێش تر بەرپرسیارێتى هەبووە) زۆرى پێ خۆش ئەبێت لاى وایە ئەو ڕێز نواندنە بۆ گەڕانەوەى شکۆى ئەوە!بۆیە دەست هەڵ ئەبرێت و وەڵامیان ئەداتەوە!! بەڵام لەو کاتەدا ئەفسەرێک پاڵى پێوە ئەنێت نووسەر ئەڵیت (جنوێکى خەستیشى پێ دا گوتى هەى وا لێکراو ئەو سەلامە بۆ من بوو تۆ کێیت؟بە پاڵە پەستۆ کردیانە ناو خەڵکەوە)!
قەڵەم و خوێندن لاى خاتوو گەلاوێژ زۆر یادەوەرى و ئازارى تێدایە ئەوەتا خۆشەویستى قەڵەم و نەبوونى قەڵەم دایەن بە تایبەتى لە ڕۆژانى جەنگى جیهانى دووەم لە ساڵى 1942 (وەکو نووسەر لە لاپەڕە 284 دا باسى ئەکات) کە گوێزان ى بۆ تیژ کردنەوەى نووکى قەڵەمەکەى بەکارهێناوە! وە لە ژێر سەرینى نووستن هەڵى گرتوون، تەنانەت بەو هۆیەوە بە گوێزانەکە بریندار بووە!! ئەم دیمەنە هاوتایە لە گەڵ ئەوەى کە زۆربەى خوێندکارانى کوردستان بە تایبەتى لە ساڵانى نەوەدەکان بە نەشتەر و گوێزان نوکى قەڵەمەکەیان دا ئەدا!!کە من وەکو خۆم ئێستا کە ئەو هەموو قەڵەم دایەنە ڕەنگاو ڕەنگە ئەبینم بریندار کردنى دەستم و تیژکردنەوەى نوکى قەڵەمەکانم بە گوێزان دێتەوە یاد! ڕەنگە ئەمە قەدەرى نەتەوەى ئێمە بێت لە هەر دۆخ و تایبەتمەندى یەکدا بین ئەبێت بە گوێزان قەڵەم تیژ کەینەوە! لە بارەى پڕۆسەى خوێندنەوە بە تایبەتى بۆ مناڵ ئەوەى زۆر جێگەى تێرامان و داخە کە ئەمیش وەکو قەدەرى زۆر بنەماڵەى کوردستان هەمیشە مناڵ خوێندنى ئەفەوتێت! تەنانەت ئەم ماَلباتە بەڕێزەش!ئەوەتا باسى خاتوو شاناز ئەکات کە تا قۆناغى سێ ى کۆلیجى پزیشکى خوێندوە بەڵام بە هۆى گواستنەوە لە غەریبى یەوە بۆ غەریبى، لە ئێرانەوە بۆ سوریا ئەو خوێندنە فەوتاوە!!بە داخەوە بۆ ئەبێت قەدەرى مناڵ و خێزانى کورد وا بێـت، هەمیشە ئەبێت لە خویندن بەشى قەوتانمان هەبێت،ئەگەر من و هاوتەمەنەکانم ساڵێک یان دوو ساڵى خوێندنمان بە هۆى ئاوارەیى و دەربەدەرى فەوتابێت ئەوا کچى ئەم بنەماڵەیە تێکڕاى خوێندنەکەى فەتاوە! تۆ بڵێت هاوشێوەى ئەم چیرۆکانە لە ئەدەبیاتى هیچ گەڵیکى ترى سەر زەوى بوونى هەبێت!زۆر بە داخەوە ئێستاشى لە گەڵدا بێت بە هۆى پاشەکەوت و لێبڕێن و دواکەوتنى مووچەو و بایکۆتى مامۆستایان دیسان ڕۆڵەى کورد خوێندنى فەوتاوە! ئەگەر هەستیشى پێ نەکەین و ئاشکرا نەوترێت بەڵام ئەو ساڵانەى بایکۆت و لێبڕین زۆر دڕێژەى کێشا لە ڕاستیدا ساڵانێک بوون خوێندکار هیچى نەخوێند! تۆ بڵێت ئایندەش هەر وا بێت!
ژیانى غەریبى و کێشمە کێشى کڕینى خانوو و فێربوونى شۆفێرى و ژیان لە لەندەن وە هاتوچۆى بەردەوامى مامۆستا ابراهیم ئەحمەد بۆ فڕۆکەخانە، کە هەمیشە بانگیان کردوە چونکە دیارە هەل و مەرجى سەفەرى ئەو کاتە وا بووە کە چەندین کەس گەیشتونەتە فڕۆکەخانە ووتویانە ئیمە م.ابراهیم ئەحمەد ئەمان ناسێت،بۆیە بانگیان کردوە بۆ ئەوەى دڵنیا بن ئەو کەسانە ئەناسێت وە م.ابراهیم ئەحمەد هەرگیز ئازارى کوردێک یان پەنا هەندەیکى نەداوە هەمیش لێ بوردوانە بەو سەرما و سۆڵەى لەندەن و هەردەم بە رێوە بوە بۆ ئەو بابەتە.
چەند دیمەنێکى زۆر جوان باس ئەکات کە هەستى ووردى نووسەر و سەلیقەى پیشان ئەدات ئەوەتا لە لاپەڕە 262 باسى ساڵى 1964 ئەکات کە ژنان ى لادێ لە ڕۆژهەڵاتى کوردستان بە جلى کوردیەوە عەینەکیان لە چاو بووە بە تایبەتى ئەو کاتەى لە ڕێگەى وڵاخەبەرزەوە بەروبومى کشتوکاڵیان بە قەراغ شەقامە گشتى کاندا گواستۆتەوە!! نووسەر ئەڵیت (ئەو کاتە لاى خۆمان لە ناو شاریش زۆر کەس پێ ى عەیب بوو عەینەک بکاتە چاو)، وە لە لاپەڕە 318 دا ئەلێت (من بە درێژای ژیان لە سابوونى ڕەقى جیا نەبوومەتەوە) ئەمە پەیامێکى گرنگى تەندروستى یە،وە جێگەى دەست خۆشیە! وە گێرانەى ئەو چیرۆکانەى چۆن لە ژێر بۆردۆمانى فڕۆکە گەڕاوەتەوە بۆ هێنانى سابونە ڕەقیەکانى!
لە کۆتایدا ئەڵیم بۆ باسى بەسەر هاتەکانى دەست بە سەردا گرتنى وێستگەى شەمەندەفەرى سلێمان بەگ کە مەگەر خوێنەر خوێ پەتوکەکە بخوێنیتەوە ئینجا تێ بگا لە زیرەکى ئەم ژنە، ووریایى و ژیرى و پلان و بەرنامەى وورد، ئازایەتى کەم وێنە و سەربازێکى چاونەترسى ئازا، شانازیە گەلى کورد خاوەنى ئەم ژنە بێت بە جۆرێک ئەوەى بیەوێت لە ئەدەبیاتى گەلاوێژ تێ بگات، ئەبێت ماناکانى ئازایەتى، ڕاستگۆیى، دڵسافى، بوێرى باش بفامێت.
*پزیشکى ڤێتێرنەرى، پسپۆڕى نەخۆشى زانى، مامۆستاى زانکۆ