چالاکی
دوو لێكۆڵینەوەی زانستی لەسەر هەردوو ڕۆمانی"لەسەر باڵی سیمرخ" و"بووكی ئاتەخان"ی گەلاوێژخان.
 دوو لێكۆڵینەوەی زانستی لەسەر هەردوو ڕۆمانی"لەسەر باڵی سیمرخ" و"بووكی ئاتەخان"ی گەلاوێژخان.

هێمن كاكەیی

گەرچی گەلاوێژخان خاوەنی چەندین ڕۆمانە،بەڵام هەردوو ئەكادیمی ونووسەری دیاری ڕەخنەی هاوچەرخ، پرۆفیسۆر زاهیر لەتیف كەریم  وپرۆفیسۆر نیان نەوشیروان مەستی لەئێستادا سەرقاڵی تەنها دوو لێكۆینەوەی زانستین لەسەر هەردوو ڕۆمانی"لەسەر باڵی سیمرخ" و"بووكی ئاتەخان" كەبەم نزیكانە بڵاودەبنەوە.
لێكۆڵینەوەی یەكەم بەنێوی"ئاسۆی چاوەڕوانی لەڕۆمانی لەسەر باڵی سیمرخ دا".بەوپێیەی وەرگر یان خوێنەر خاوەن دەستەڵاتێكی گەورەیە لەدەستنیشانكردنی سروشتی دەق وجۆری تێگەیشتن وڕاڤەكردنیدا ئەوا لەبەرامبەردا خاوەن دەقیش هەموو نهێنییەكانی خۆی نادات بەدەستەوە.لەم ڕوانگەیەوە هەردوو ئەكادیمی لێكۆڵینەوەكەیان دابەش كردووە بەسەر سێ تەوەری سەرەكیدا:
یەكەم/ئاسۆی چاوەڕوانی دەق وجیاوازی لەگەڵ ئاسۆی چاوەڕوانی خوێنەر.
دوهەم/ئاسۆی چاوەڕوانی دەق ولێكچوونی لەگەڵ ئاسۆی چاوەڕوانی خوێنەر.
سێهەم/ئاسۆی چاوەڕوانی دەق وگۆڕینی ئاڕاستەی ئاسۆی چاوەڕوانی خوێنەر.
لێكۆڵینەوەی دوهەم بەنێوی"سیمۆڵۆژیای من وئەو لەڕۆمانی بووكی ئاتەخان دا-لێكۆڵینەوەیەكی گێڕانەوەگەرییە-.گەرچی دوالیزمەی "من" و"ئەو" نوێ نیە ودەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای مرۆڤ بەڵام ووتە فەلسەفییەكەی دیكارت كەدەڵێت"من بیردەكەمەوە،كەواتە من هەم" دەبێتە بەردی بناغەی ئەم لێكۆڵینەوەیە.دواتر لەڕێگەی ئارگیومێنتەكانی نێوان سایكۆڵۆژیا وسۆسیۆڵۆژیای "من" و"ئەو" ەوە هەردوو ئەكادیمی جەخت لەسەر كارنامەكانی گێڕانەوەگەری دەكەن وەك پێكهاتەی پەیوەندێتی ودابڕانیی وململانێیی وڕێگریی.هەر وەك،لەلایەن هەردوو ئەكادیمیاوە، ئاگادار كراوینەتەوە،دوای ئەم دوو لێكۆڵینەوەیە چەند لێكۆینەوەیەكی تریش لەسەر ڕۆمانەكانی تری هەمان نووسەر وڕۆمانووس ئەنجام دەدرێت.