چالاکی
بۆ چوونی مامۆستاینی زانكۆو ئەدیبان لە سەر ساتی گەلاوێژ

مامۆستایانی زانكۆوو نووسەران و ئەدیبان، دیدو بۆ چوونی خۆیان دەربارەی گرنگی بایەخی كردنەوەی سایتی گەلاوێژ، بەم شێوەیە دیدو بۆ چونی خۆیان پیشانداوە:

پڕۆفیسۆری یاریدەدەر پشكۆ حەمەتاهیر ئاغجەلەری مامۆستای بەشی مێژووی زانكۆی سلێمانی، لە نووسینێكدا نووسیویەتی:

*كردنەوەی سایتێك بەئامانجی خزمەتكردن و گەیاندنی پەیامێك كە پەیامێكی مرۆڤ دۆستانەو ئاشتی و دیلۆگی هەیێت گرنگە، بۆیە پیرۆزبای كردنەوەی سایتی گەلاوێژتان لێدەكەم هیوادارم ئەو سایتە بوانێت ببێتە میدیایەكی باشی كورد لە بوارێك لە بوارەكان خزمەتی پرسی نەتەوەی كورد بكات.

*كردنەوەی سایتێك بۆ گەیاندنی لایەنی ئەدەبی كوردی بە زمانەكانی كوردی و عەرەبی و ئنگلیزی زۆر گرنگە، بێگومان سایتی گەلاوێژیش بە ئامانجی ئەوە دامەزراوە بێگومان گرنگی خۆی زۆر دەبێت بۆ خزمەتكردن بە ئەدەبیاتی كوردی.

*تەكنەلۆژیا بۆ ئێستا بۆتە پێویستیەكی زۆر بۆ رۆشنیران كەبتوانن پەیامەكانیان بگەیەنە خوێنەرانیان، لێرەوە سایتی گەلاوێژیش كە كراوەتەوە بۆ گەیاندنی نووسینە جیاوازەكانی نووسەرێكی ئەدەبی كوردی وەك ( خاتوو گەلاوێژ) جێی رێزەو سودی دەبێت و كائاسانیەكیش دەكات بۆ گەیشتن بە نووسینەكانی ئەو خاتوونە، هیواداریشم ئەو سایتە فراوانبێت و بتوانێت نووسینی ئەدەبدۆستانی دیكەش بلاوكاتەوە وەك چۆن گۆڤاری گەلاوێژ كاتی خۆی كردۆتی ببوە مالی هەمووان.

خەلیل عەبدوڵڵا-بەرێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان، لە پەیامی پیرۆزباییە كەیدا بۆ سایت گە لاوێژ، نووسیویەتی:

بەگەرمی پیرۆزبایی كردنەوەی ماڵپەڕی گەلاوێژ ئەكەم، هیوادارم ئەم ماڵپەڕە خزمەت بەكاروانی ئەدەبی‌و كەلتووری‌و مێژووی كوردستان بكات.
گەلاوێژ خان وەك ئەدیب‌و نوسەرێك شوێنێكی دیاری لە كایەی ئەدەبی‌و روناكبیریدا هەیە‌و خاوەنی چەند بەرهەمێكی ئەدەبی ناوازەیە‌و یاداشتەكانیشی وەك هاوژین‌و هاوڕێی خەباتی مامۆستا برایم ئەحمەد تۆمارێكی جوان‌و راستگۆیانەی قۆناغێكی هەستیاری مێژووی كوردستانە‌و دەكرێ‌ ئەم ماڵپەڕە كڵاورۆژنەیەك بێ‌ بۆ خستنە رووی بەرهەمەكانی خاتوو گەلاوێژ‌و خوێنەران بەگشتی‌و نەوەی نوێ‌ بەتایبەتی لێرەوە زیاتر بە بەرهەمەكانی ئاشنا بن.
ئەم سەردەمەی جیهانگیری‌و بڵاوبوونەوەی بەلێشاوی ئامرازەكانی گەیاندن، وا لەنوسەران ئەخوازێ‌ كە لەرێی ماڵپەرەكان‌و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە بەرهەمەكانیان بڵاو بكەنەوە‌و لەو رێیەوە تینوویەتی خوێنەرانێكی زۆر بشكێنن‌و رایەڵەی پەیوەندی بەهێزیان لەگەڵدا ببەستن.

چونكە لەسایەی شۆڕشی زانیاری‌و گەیاندن‌و نیشتمانی بەرینی ماڵپەڕ‌و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە دەرفەتێكی باش بۆ نوسەران‌و خوێنەران رەخساوە كە بەئاسانترین‌و خێراترین رێگە بەیەك بگەن‌و سوود لەیەكتری وەر بگرن‌و بیرو را بگۆڕنەوە‌و كاریگەرییان لەسەر یەكتر هەبێ‌.
ڕۆژنامەنووس بارزان شێخ عوسمان، لە نووسینێكدا بۆ سایتی گە لاوێژ نووسیویەتی:

بەگەرمیی پیرۆزبایی كردنەوە و هاتنە مەیدانی سایتی گەلاوێژ دەكەم.هیوادارم سایتی گەلاوێژ ،وەك گەلاوێژی دێرین لە هەمو دەرگاكانی ژیانی ئەدەبیی بدات و هەموان سودی لێ ببینین، ببێتە بەشدارێكی كارا وچالاك لە رۆژنامەی ئەلكترۆنی و ئەو جیاوازییە بە زویی بخاتە رو كە دەیبێت لەگەڵ هەر سایتێكی تردا ،ئەویش لە میانەی پەیامەكەیدا دەبینرێت .سەركەوتن و پێشكەوتن بۆ سایتی گەلاوێژ.___::::

بەراستی بیرۆكەی تەرخانكردنی وەها سایتێك بۆ بواری ئەدەب و نوسینی ئەدەبی و تەنانەت رەخنەی ئەدەبی ،بیرۆكەیەكی سەركەتوە .
ئەم هەنگاوە زۆر گرنگە بۆ ئەدیبان و نوسەران تا زۆرترین ژمارەی خوێنەر بە بەرهەمەكانیان شاد بن و بە زوترین كاتیش خوێنەران روانینی خۆیان بخەنە رو لەبارەی بەرهەمەكانیان بەمەش ئەدیب و نوسەران خێراتر ئاگاداری كاردانەوەی خوێنەران و كاریگەریی بەرهەمەكانیان دەبن پەیوەندیی نێوان هەردولاش لەم كەناڵەوە بەهێزتر دەبێت .چونكە ئەمڕۆ ئەم كونجە بوەتە سەرچاوەیەكی بەهێز و هەموان لە رێگەی سایت و ئەم رۆژنامە ئەلكترۆنیانەوە زانیارییەكانیان دەست دەكەوێت ،لە هەر سەرچاوەیەك زیاتر خوێنەر و میوانی هەیە!!!!!!!!!!!

ئەمڕۆ پێشكەوتنەكان یاخود گۆڕانكارییەكان زۆر بەپەلەو خێرا دێنە پێشەوە بە تایبەتیی لە بواری تەكنەلۆژیادا جا بۆیە ئەدیبان و نوسەران لە پێش هەموانەوە پێویستیان بە سۆشیال میدیا و هۆیەكانی تری ئەم تەكنەلۆژیایە یەبەتایبەتیی بۆگەیاندنی دەنگ و بەرهەمەكانیان بە توێژی گەنج و تازە پێگەشتوان لەلایەك،بۆ ئەوەی خۆشیان ئاگاداری گۆڕانكارییەكانی پەیوەست بە جیهانەكەی خۆیان بن لەلایەكی تر.
بۆیە سایتی گەلاوێژ لەم بوارەدا ئەركێكی گەورەو گرنگ و ناسكی دەكەوێتە سەرشان كە دەبێت هەر لە ئێستاوە خۆی بەتەواوەتی بۆ ئامادە بكات .
خاتوو گەلاوێژحسێنی مامە ڕەشە ڕۆژنامەنوس لە پۆستێكدا بۆ سایتی گە لاوێژ نووسیویەتی:
كارێكی سروشتیە كە هە موو كە سێك لەم ئەزموونی جیهانگیریەدا، كەتەواوی دونیا پێش كەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و بە هۆی هۆیەكانی سۆشیال میدیا، جیهان بەتەواوەتی بچوك بۆتەوەو كە سایتی تایبەت بەخۆی هەبێت، بۆئەوەی ببێتە ڕایەڵەی پردی پەیوەندی نێوان خۆی و خوێنەرەكانی.
ئەوەی زۆر مایەی خۆشحاڵیە خانمێكی گۆشكراو بەنیشتمان پەرەوری و بەتایبەت هاوسەری كەسێكی سەركەوتووی وەك مامۆستا برایم ئەحمەد، ئەم پێگە ئەلكترۆنیە دروست بكات بۆ ناساندنی بەرهەمە ئەدەبیەكانی .
بۆیە دووبارە لە كانگای دڵمەوە دووبارە پیرۆزبای كردنەوەی ئەم سایتە ئەكەم كە دەبێتە پەنجەرەیەكی نوێ بۆ خوێنەران و توێژەران و نووسەران كە خوێنەری بەرهەمەكانی گەلاوێژبن.
هاوكات بۆ خوێندكاران و ڕەخنەگرانیش گرنگە دەبێتە دەروازیەك بۆ توێژینەوە و ناساندنی بەنەوەی نوێ، دووبارە پیرۆزە.
شاعیر ئیسماعیل محەمەد لە نووسنێكدا بۆ سایتی گەلاوێژ نووسیویەتی:

پڕ بەدڵ پیرۆزبای كردنەوەی سایت و پێگەی گەلاوێژ ئەكەم ، بەڕاستی كارێكی شایستە بۆ چۆنكە ئەم دایكە میهرەبانە خاوەنی زیاتر لە 27 بە رهەمە بەڵام كەم كەس ئەو راستیەی ئەزانی و هیوادارم لە ڕێگای ئەم سایتەوە ببێتە دیالۆگی نێوان خوێنەران و گەلاوێژخان لە لایەك و ئەدیب و نووسەران لە لایەكی ترەوە.
بەسەیركردنی بەشەكانی ئەم پێگە ئەلكترۆنیە، هیوا دەخوازم كە نووسەران و ئەدیبانی تری كوردیش هاوشێوەی گەلاوێژخان پێگەی ئەلكترۆنی بكەنەوە بۆ ئەوەی لانی كەم نەوەی نوێ ئاشنای بە رهەمەكانیان ببێت.
ڕۆژنامەنووس هەرێم بە هادین لێپرسراوی ڕادێو سایتی خەڵك، لە نووسینی كردنەوەی سایتی گەلاوێژدا نووسیویەتی:

وێڕای پیرۆز بایی، كردنەوەی پێگەیەكی وەك سایتی گەلاویژ ڕچە شكێنی یە، لە بواری میدیایەكی تایبەت بە كایە ئەدەبی وڕۆشنبیرییەكان، لە مدیای ئەلكرۆنیدا.
بەو هیوایەم ئەم پێگەیە شوێنی بابەتە ناوازەكان بێ و هەموو قەڵەمە جوان و بیرۆكە ئازاو ئازادەكانی تیا جێ ببێتەوە.
بۆ ئەمڕۆ كە هۆیەكانی گەیاندن جۆراو جۆر بوون، بیرۆكەیەكی شیاوە كە كایە ئەدەبیەكانیش لەڕێی تەكنەلۆژیاوە، بە خوێنەران بگەن.
ئەمڕۆ لە زۆر پێگەی ئەلكترۆنیدا، بەشی تایبەت بوارە ڕۆشنبیریەكان بوونی هەیە، بەڵام هاكەزایی، بەسەر بابەتەكاندا گوزەر دەكەن، تەنیا وەك پڕكردنەوەی بەشێك بوونی هەیە، بەڵام دانانی پێگەیەكی تایبەت بەولایەنەو لە خۆ گرتنی بابەتی هەمەجۆر و گشتگیر لەو كایەیەدا بۆخۆی جێگەی دەست خۆشیە.