وتار
مێژووی کورد لە دیدی ژنە نووسەرێکەوە

مێژووی کورد لە دیدی ژنە نووسەرێکەوە
خوێندنەوەیەک بۆ کتێبی بیرەوەرییە هەرگیز لەبیرنەکراوەکانی گەلاوێژ

ئەردەڵان عەبدوڵڵا

مێژوو پێش هەموو شتێک لە کۆمەڵێک یادەوەری کەسێک یان گەلێک پێکدێت. زۆرجار کاتێک کەسێک یادەوەرییەکانی خۆی دەنووسێتەوە، جگە لە پیشاندانی مێژووی خۆی، باس لە مێژووی ئەو شوێنە یان ئەو دەوڵەتە دەکات کە تێیدا ژیاوە. بەگشتی من بیرەوەری زۆرێک لە سیاسیی و نووسەرە کوردەکانم خوێندۆتەوە، بەداخەوە زۆربەیان مەسەلەی شتی شەخسی و تۆڵەسەندنەوە زاڵە بەسەریاندا. لەهەمانکاتیشدا هەر یەکەیان بە جۆرێک باس لە ڕووداوە سیاسیی و ئەدەبییەکانی ساڵانی پێشوو دەکات. 

بۆیەکەمجار کتێبێکی یادەوەریم بینی کە ژنە نووسەرێکی کورد نووسیبێتی، ئەویش کتێبی " بیرەوەرییە هەرگیز لە بیرنەکراوەکانی من ، لە نووسینی گەلاوێژ". جێگەی گووتنە خوێندنەوەی یادەوەری وەکو خوێندنەوەی ڕۆمان وایە، گەر5 لاپەڕەی یەکەم ، سەرنجی خوێنەر ڕانەکێشێت، ئەوا خوێنەر لە خۆی دەتۆڕێنێت. دیارە ئەم کتێبە هەر لەسەرەتاوە جێگەی سەرنجی من بوو، ماگنێتێکی گەورە ڕایکێشامە ناو باس و ڕووداوەکانی ژیانی ئەم ژنە نووسەرەوە. 
دیارە بیرەوەری بەپێی کەسایەتییەکان دەگۆڕێت، بۆ نموونە لە جیهاندا زیاتر بیرەوەری سەرۆک دەوڵەتەکان دەخوێنرێتەوە، چونکە خوێنەران زیاتر بە دوای ئەزموون و کۆمەڵێک نهێنیدا دەگەڕێن، کە پێشتر ئاگایان لێنەبووە. دیارە خاتوو گەلاوێژ ، خێزانی مامۆستا " برایم ئەحمەد" ی نووسەر و ڕووناکبیر و سیاسەتمەداری کورد بووە. لەهەمانکاتیشدا خوشکەزای مامۆستا " هەمزە عەبدوڵلا" بووە، کە یەکێک بووە لە سەرکردە و دامەزرێنەرانی پارتی دیموکراتی کوردستان. لەهەمانکاتیشدا یەکێک بووە لەو شۆرشگێرە کوردانەی ، کە زۆریان بۆ کورد کردووە، بەڵام بەداخەوە لەناو مێژووی کورد هیچ گرینگەیەکی وایان بە خەباتی ئەم شۆرشگێرە کوردە نەداوە، کە زیاتر هۆکاری ئەمەش بۆ مەسەلەی سیاسی دەگەڕێتەوە. 
واتە نووسەر لەناو بنەماڵەیەکی ئەدەبی و سیاسی و شۆرشگێری کوردا ژیاوە، ئەمەش وایلێکردووە کە بە ووردی ئاگاداری ڕەوشی سیاسی و ئەدەبی گەلەکەمان بێت. لەهەمانکاتیشدا وەکو نووسەرێکی هۆشیار، بەووردی چاودێری ڕەوشە ناخۆشەکانی کوردستانی کردووە و لای خۆی تۆماریکردووە.

ئاوارەیی /
بەگشتی لەناومێژووی کوردا ، ئاوارەیی وایلێهاتووە بۆتە سیمایەکی ئەم نەتەوەیە. بەشێکی زۆری گەلەکەمان ، لەلایەن دەسەڵاتدارە داگیرکەرەکانی کوردستانەوە، بەهۆی سیاسییەوە، لەماڵ و زێدی خۆیان بۆ شوێنی تر دوورخراونەتەوە. خێزانی خاتوو گەڵاوێژیش، بەهۆی بەشداریکردنی " هەمزە عەبدوڵڵا" کە دەکاتە خاڵی نووسەر، لەوپەڕی باکووری عێراق" زاخۆ" ، بۆ باشووری عێراق دوورخراونەتەوە بەتایبەتی بۆ شارۆچکەی " عفک" لە شاری دیوانییە. 
دیارە نووسەر زۆر بە جوانی وەسفی گوزەرانی ژیانی خۆیان ، دەربەدەری، بێگانەیی، چۆنێتی مامەڵەکردنی خەڵکی ئەو ناوچەیە لەگەڵیان. جگە لەوەش بەحوکمی ئەوەی نووسەر چیرۆکنووسە، کامێرای خۆی بەکارهێناوەو زۆر بەجوانی وەسفی ئەو شارو شارۆچکانەی باشووری عێراقی کردووە. 
شەش ساڵێک لە دیوانییە دەمێننەوە وپاشان دەچن بۆ " قوڕنە" کە شارۆچکەیەکی شاری بەسرەیە. نووسەر زۆر بە جوانی وەسفی " قوڕنە، بەسرە،عفک، دیوانییە" دەکات. سروشتی جوان و ناشرینی ئەو ناوچانە باسدەکات. لەهەمانکاتیشدا باس لە نەریت و ڕێسای ژیانی کۆمەڵایەتی ئەو ناوچە عەرەبیانە دەکات. پاش ماوەیەکی زۆر دەگەڕێنەوە بۆ کەرکووک و قەرەتەپە و دواجار دێتە سلێمانی . نووسەر زۆر بە جوانی وەسفی سلێمانی و ڕێگای کەرکووک و سلێمانی دەکات.
بەڵام ئەوەی بەلای منەوە گرینگ بوو، کاتێک کە لاپەڕەکانی ئەم کتێبە دەخوێنیتەوە، مێژووی بنەماڵەیەکت بەردەست دەکەوێت، کە هەمیشە لە ڕاکردن و زیندان و ئاوارەیی بوون. هۆکاری سەرەکی ئەم نەهامەتیانەش، بەشداربوونی خاڵ و مێردی نووسەر بووە، لە خەباتی ڕزگاریخوازی گەلەکەمان.

مێژووی کورد و عێراق/
نووسەر بە چاوی خۆی ڕووداوە گرینگەکانی ساڵانی چل و پاشتری بینیووە، بە حوکمی نزیکی بنەماڵەکەیان لە خەباتی سیاسی، زۆر بە ووردی باسی ئەو ڕووداوانەی کردووە. بۆ نموونە چۆنێتی دروستبوونی " پارتی دیموکرات، خۆپیشاندانەکانی بەردەرکی سەرا، خۆپیشاندانە گەورەکانی ساڵی 1956 بۆ بەرگریکردن لە میسر، شۆرشی تەمووزی ساڵی 58، هاتنەوەی مەلا مستەفای بارزان لە یەکێتی سۆڤێتەوە بۆ عێراق، دەرکردنی رۆژنامەی خەبات و چالاکی پارتی لەپاش شۆرشی 58، کودەتاکەی ساڵی 1963، شۆرشی ئەیلوول،خەباتی پێشمەرگایەتی."
هەموو ئەمانە بەر تیشکی قەڵەمی نووسەر کەوتوون، ئەویش بەپێی ئاگاداری و بەشداری خۆی، ئەو رووداوە گرینگانەی نووسیوەتەوە. لێ ئەوەی بەلای منەوە گرینگ بوو، مەسەلەی شۆرشی ئەیلوول و چۆنێتی سەرهەڵدانی، پاشان مامەڵەی عەبدولکەریم قاسم لەگەڵ کورد. بۆ یەکەمجار زانیم کە مامۆستا برایم ئەحمەد ناوی " پێشمەرگە" بۆ چەکدارانی کورد داناوە،"لاپەڕە182،" کەبەراستی ئەمەش یەکێکە لە داهێنانە ئەدەبی و زمانەوانییە جوانەکانی ئەم کەڵە نووسەرە. 
دوو ڕووداو بەلامەوە زۆر سەیربوون، یەکەمیان چۆنێتی بەشداربوونی کورد، لە خۆپیشاندانە گەورەکانی عێراق بۆ پشتگیری میسر لە ساڵی 1956. لەو ساڵەدا ناسر نۆکەندی سوێسی خۆماڵیکرد، هەرئەمەش وایکرد کە " فەرەنسا و بەریتانیا و ئیسرائیل" پەلاماری ناسر و ڕژێمەکەی بددەن. مەسەلەکە زیاتر پەیوەندی بە بەرژەوەندی نیشتمانی میسرەوە بووە و هیچ پەیوەندیشی بە گەلی کوردەوە نەبووە، پاشان ناسر ڕابەری " نەتەوەپەرستی عەرەب" بووە، کەچی بزووتنەوەی سیاسی کورد، خۆپیشاندانی بۆ پشتگیری لە رابەری ناسیۆنالیزمی عەرەب کردووە.! 
ڕووداوێکی تر کەبەلامەوە گرینگ بوو، کودەتاکەی شوباگی 1963 بەدەستی بەعسیەکان. سەرەتا بزووتنەوەی کورد بە سەرۆکایەتی پارتی، خۆشحاڵی خۆیان بۆ ئەم کودەتا خوێناوییەی عێراق دەرپڕیوە. ئەمە لەکاتێکدا بەعسیە فاشسیتەکان، گەورەترین قەسابخانەیان بۆ گەلی عێراق دانا و سەرەتای قۆناغێکی خوێناوی لەم وڵاتە دەستپێدەکات. کەچی لەو کاتەدا خەڵکی لەناو شارە کوردیەکاندا بەتایبەتی لە سلێمانی، شایی و ئاهەنگیان کردووە، بەڵام هەر پاش چەند مانگێک واتە لە " حوزەیراندا" گەورەترین پەلاماری بەعس بۆسەر کوردستان دەستپێدەکات، کە بە ساڵی " مەنعە تەجولی زەعیم صدیق" دەناسرێت. نووسەر زۆر بەجوانی وەسفی ئەو ڕۆژانەی کردووە، کە ئەمەش بۆ ئێمەی نەوەی نوێ، زۆر گرینگە و ئاگاداری ئەو ڕۆژە ناخۆشانە بین. ل 193.

مامۆ ، ژنە ئەفسانییەکە/
لەناو مێژووی هەموو گەلێکدا ، ژنێک هەڵدەکەوێت کە رۆڵی گرینگی بەسەر نەوەکانی پاش خۆیدا دەبێت، بۆ نموونە لەناو مێژووی فەرەنسیدا " جان دارک" هەیە، کە رۆڵێکی ئێجگار مەزنی لە مێژووی فەرەسنیدا گێراوە. بەحوکمی زاڵبوونی پیاوسالاری لەناو کۆمەڵگەی ئێمەدا، زۆرکەم ڕێگە بە ژن دراوە کە توانا هزری و عەقڵی و ئەدەبییەکانی خۆی دەربخات. 
یەکێک لەو چیرۆکە گرینگانەی کەلەم بیرەوەریدا بینم، چیرۆکی " مریەم، یان مامۆ" یە. مامۆ دەکاتە خوشکی باوکی نووسەر، کە هەر بەمنداڵی رۆحێکی ئازایەتی و سەرکێشی تێدابووە. ئەم ژنە جلوبەرگی پیاوانە لەبەردەکات وەکو پیاوێکی ئازا لەناو کۆمەڵگادا دەژی. دەبێتە بەرپرسی بنەماڵەیەکی گەورەو بژێویی ژیانی بۆ خێزانێکی گەورە پەیدا دەکات، وەکو پیاوێک کرێکاری و شوانکاری دەکات. بەڕاستی چیرۆکی " مامۆ" دەکرێت زۆر کاری لەسەربکرێت، دەتوانێت وەکو فیلمێک یان ڕۆمانێکی گەورەی لەسەر بنووسرێت.

تەکنیکی نووسین /
ئەوەی لەم بیرەوەریانەی هەستمپێکرد، کە نووسەر زیاتر تەکنیکی چیرۆکنووسینی بەکارهێناوە، هەرئەمەش وایکردووە کە زیاتر خوێنەر بۆ لای خۆی رابکێشێت. نووسەر تەکنیکی " وەسفی شیعری، ڕێکەوت، گرێ" ی بەکارهێناوە، کەئەمەش زیاتر لەکاتی چیرۆکنووسیندا بەکاردێت. بۆ نموونە زۆر بە جوانی وەسفی " هاتنیان بۆ سلێمانی دەکات"، سەرەتا نووسەر هەر باسی شاخ و داخ و ناخۆشی ڕێگاکە دەکات، خوێنەر نازانێت نووسەر بۆ کوێی دەبات، بەڵام پاشان دەڵێت ئەو شارەی کەلە کەرکووکەوە هاتن بۆی " سلێمانی " بوو.
یان کاتێک باسی " مام جەلال" دەکات، بە گێڕوانەوەی چیرۆکێک دەستپێدەکات، دوایی پێمان دەڵێت کە ئەو کەسە " مام جەلالە" لاپەڕە 164. هەموو ئەمانەش تەکنیکی جوانن ، کتێبەکەیان لای خوێنەر ئازیز و سەرنجڕاکێشتر کردووە.
جگە لەبەکارهێنانی وەسفی شیعری جوان ، بۆ نموونە زۆر بەجوانی وەسفی قاسم دەکات و دەڵێت : ( عەبدولکەریم قاسم وەکو هەنگی لێهات کە بە خەڵکەوە ئەدات خۆشی ئەمرێت. لاپەڕە 187)

چەند سەرنجێک/
دیارە ئەم کتێبەش وەکو هەموو کتێبێکی تر ، لەپاڵ چەند خاڵێکی جوان و گەش، چەند خەوشێکی تێدایە، کەلێرەدا بە کورتی باسیان لێوە دەکەم./
نەبوونی خاڵبەندی/
یەکێک لە خەوشەکانی ئەم کتێبە ئەوەیە، هیچ خاڵێک یان فاریزە یان نیشانەی پرسیار تێدا نییە، ئەمەش زۆر گرینگە ، بۆ ئەوەی جارجار " ووچانێک" بە خوێنەر بدات. بەڕاستی خاڵبەندی بۆ نووسین وەکو یاساکانی هاتووچۆ وایە بۆ شۆڤێر، گەر یاسایەکیش نەبوایە ئۆتۆمیبلەکان ڕێکبخات، ئەوا ڕۆژانە هەزاران کەس گیانیان لەدەستدەدا و کەسیش نەیدەتوانی ڕێگا بکات. ووشەش وەکو ئۆتۆمبیلەکان وایە، گەر ڕێگایەک و کۆمەڵێک نیشانە نەبێت ڕێکیان بخات، ئەوا هەمووی بەسەریکدا تێکدەچێت.

چەند ووشەو ڕستەیەکی ناوازە/

لە لاپەرە 105 دەڵێت : ( ئەو کاتانە خەڵک وا بەڕەڵا و زۆرزان نەبوون بەشەرم و حەیا بوون) . ووشەی " بەڕەڵا " زۆر ناشرینە، ناشکرێت نەوەی پێشوو بە پاکوبێگەرد وەسفبکەیت، نەوەی نوێش بە " بەڕەڵا و بێ حەیا" دابنێیت.

برایم ئەحمەد و هەمزە عەبدوڵڵا/
دیارە نووسەر نزیکترین کەسی ئەم دوو کەسایەتییە پڕ بایەخەی مێژووی گەلەکەمان بووە، زۆر بە ووردی ئاگاداری هزر و بۆچوونی سیاسیی و تێڕوانینی هەردووکیان بووە ، بەداخەوە نووسەر بە هیچ شێوەیەک خۆی لە قەرەی ئەو " خیلافە سیاسییە" نەداوە، کە پاشتر ئەم دوو هاوڕێیە لە یەکتری جیادەکەتەوە. کە بە بڕوای زۆرکەسیش ، دەرکردنی هەمزە عەبدوڵڵا لەناو پارتی، ڕووداوێکی هەروا ئاسان نییە، چونکە کاریگەری زۆری بەسەر مێژووی گەلەکەمانەوە هەبووە. بە بڕوای من دەبوایە نووسەر باسی ئەو خیلافە سیاسییەی بکردایە، بەلایەنی کەمەوە باسی کاریگەری ئەو خیلافەی بەسەر بنەماڵەکەیەوە بکردایە.

دووا قسە/
بەگشتی ئەم کتێبە یەکێکە لەو کتێبانەی کە زۆر گرینگە نەوی نوێ بیخوێنێتەوە، چونکە لە ڕووی مێژوویەوە زانیاری زۆری تێدایە، لە ڕووی ئەدەبیشەوە، نووسەر زۆر بە شێوازی جوان بیرەوەریەکانی نووسیوەتەوە، دەکرێت ئەم شێوازی نووسینە، کەڵكی لێوەربگیرێت. لەلایەکی تریشەوە ئەمە یەکەمینجارە کە ژنە نووسەرێکی کوردی باشووری کوردستان، بیرەوەرییەکانی خۆی بنووسێتەوە، کە تێیدا ڕۆشنایی زۆری خستۆتە سەر ڕووداوە مێژووەیەکانی ساڵانی پێشوو. هەربۆیە لێرەدا جێگەی خۆیەتی ، کە دەستخۆشیەکی گەرم لەم خانمە نووسەرە بکەین و هیوای تەمەن درێژی بۆ بخوازین.

سەرچاوە:
گەلاوێژ. بیرەوەرییە هەرگیز لەبیرنەکراوەکانی من . بەشی یەکەم . چاپخانەی ئاراس. هەولێر. 2009.